Add parallel Print Page Options

لە پۆڵسەوە کە بە خواستی خودا نێردراوی عیسای مەسیحە، هەروەها لە تیمۆساوسی برامانەوە،

بۆ گەلی پیرۆزی خودا لە شاری کۆلۆسی، ئەو خوشک و برا دڵسۆزانەی کە لەگەڵ مەسیح یەکن:

با نیعمەت[a] و ئاشتی لە خودای باوکمانەوە لەگەڵتان بێت.

سوپاس و نوێژکردن

کاتێک نوێژتان بۆ دەکەین هەردەم سوپاسی خودا، باوکی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان دەکەین، چونکە هەواڵی باوەڕی ئێوەمان بە عیسای مەسیح پێگەیشت لەگەڵ ئەو خۆشەویستییەی بۆ هەموو گەلی پیرۆزی خودا هەتانە. ئەو باوەڕ و خۆشەویستییە دەرئەنجامی ئەو هیوایەیە کە لە ئاسماندا بۆتان دانراوە، ئەوەی پێشتر لە پەیامی ڕاستی ئینجیل بیستتان، کە گەیشتە لاتان. وەک هەموو جیهان[b]، ئەم بەرهەمدارە و لەنێواتاندا زیاد دەکات، لەو ڕۆژەوەی نیعمەتی ڕاستی خوداتان بیست و ناسیتان. وەک لە ئەپەفراسی هاوکاری خۆشەویستمان فێربوون، کە لە پێناوتاندا خزمەتکارێکی دڵسۆزە بۆ مەسیح و باسی خۆشەویستی ئێوەی کرد لە ڕۆحی پیرۆزدا.

لەبەر ئەم هۆیە ئێمەش لەو ڕۆژەی بیستمان بێ وەستان لە پێناوی ئێوە نوێژ دەکەین و داواکارین، تاکو پڕبن لە زانینی خواستی ئەو، بەوپەڕی دانایی و تێگەیشتنی ڕۆحی، 10 تاکو بە شێوەیەک بژین کە شیاوی مەسیحی خاوەن شکۆ بێت و بە تەواوی جێگای ڕەزامەندی ئەو بێت، لە هەموو چاکەکارییەک بەرهەمدار بن و لە ناسینی خودا گەشە بکەن. 11 با مەسیح بەگوێرەی توانای شکۆی خۆی بە هەموو هێزێک بەهێزتان بکات، بۆ هەموو دانبەخۆداگرتن و ئارامگرتنێک، بە خۆشییەوە 12 سوپاسی خودای باوک بکەن ئەوەی کە وای کرد ئێوە شایستەی هاوبەش بن لە میراتی گەلی پیرۆزی خۆی لە پاشایەتی ڕووناکیدا. 13 خودای باوک لە دەسەڵاتی تاریکی دەربازی کردین و ئێمەی بۆ شانشینی کوڕە خۆشەویستەکەی گواستەوە، 14 بەهۆی ئەویشەوە کڕدراینەوە[c]، واتە لێخۆشبوونی گوناهمان وەرگرت.

عیسا وێنەی خودای نەبینراوە

15 کوڕەکە وێنەی خودای نەبینراوە، نۆبەرەیە[d] و لە سەرووی هەموو بەدیهێنراوانە، 16 چونکە بەهۆی ئەوەوە هەموو شتێک بەدیهێنرا: لە ئاسمان و لەسەر زەوی، بینراو و نەبینراو، تەخت یان دەسەڵات، سەرۆکایەتی یان حوکومڕانی، هەمووی بەهۆی ئەوەوە و بۆ ئەو بەدیهێنران. 17 ئەو پێش هەموو شتێکە و هەموو شتێکیش بەهۆی ئەوەوە یەکیگرتووە. 18 ئەو سەری جەستەیە کە کڵێسایە. ئەو سەرەتایە و نۆبەرەی نێو مردووانە، تاکو لە سەرووی هەموو شتێکەوە بێت، 19 چونکە خودا خۆشحاڵ بوو بە هەموو پڕیی خۆی لە مەسیحدا نیشتەجێ بێت، 20 لە ڕێگەی ئەوەوە هەموو شتێک لەگەڵ خۆیدا ئاشت بکاتەوە، بە خوێنی خاچەکەی ئاشتی بنێتەوە، ئەگەر لەسەر زەوی بێت یان لە ئاسمان.

21 ئێوە پێشتر لە خودا دابڕابوون و دوژمن بوون لە بیرکردنەوە بە خراپەکاری، 22 بەڵام ئێستا بەهۆی جەستەی مرۆڤانەی مەسیح بە مردن ئاشتی کردنەوە، تاکو لەبەردەمی بە پیرۆزی و بێ لەکە و بێ گلەیی پێشکەشتان بکات، 23 ئەگەر بەردەوام بن لەسەر ئەو باوەڕە و دامەزراو و چەسپاو بن، لانەدەن لە هیوای ئەو مزگێنییەی بیستتان، ئەوەی لە هەموو بەدیهێنراوانی ژێر ئاسمان ڕاگەیەنراوە، خۆشم وەک پۆڵس بۆی بوومە خزمەتکار.

تێکۆشانی پۆڵس بۆ باوەڕداران

24 ئێستا دڵشادم بە ئازارەکانم لە پێناوی ئێوەدا و پاشماوەی تەنگانەی مەسیح لە جەستەی خۆمدا تەواو[e] دەکەم، لە پێناوی جەستەی ئەو، کە کڵێسایە. 25 من بووم بە خزمەتکاری کڵێسا بەپێی ئەو ئەرکەی کە لەلایەن خوداوە پێم سپێردراوە، تاوەکو تەواوی پەیامەکەی خوداتان پێ ڕابگەیەنم، 26 ئەم نهێنییەی لە ڕۆژگارەکانەوە و بە درێژایی نەوەکان شاردراوە بوو، بەڵام ئێستا بۆ گەلی پیرۆزی خودا ئاشکرا کرا. 27 پلانی خودا ئەوەیە کە دەوڵەمەندی شکۆی نهێنییەکە بۆ گەلی خودا لەنێو نەتەوەکاندا ئاشکرا بکات، نهێنییەکەش ئەوەیە کە مەسیح لە ناخی دڵماندایە، ئەمەش هیوای شکۆداربوونە.

28 ئێمە ئەو ڕادەگەیەنین، هەموو کەسێک ئاگادار دەکەینەوە و بەوپەڕی داناییەوە فێریان دەکەین، بۆ ئەوەی بتوانین هەر یەکێکیان وەک کەسێکی پێگەیشتوو بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا بهێنینە بەردەم خودا. 29 بۆ ئەمەش ماندوو دەبم و تێدەکۆشم، بەگوێرەی کارەکەی کە بەهێزەوە لە مندا کار دەکات.

Footnotes

  1. 1‏:2 خودا نیعمەت بە مرۆڤ دەبەخشێت، بە واتای بەخشینێکی خودایە کە بەبێ ئەوەی شایستەی بین خودا پێمان دەبەخشێت.‏
  2. 1‏:6 مەبەست لە سنووری ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمانییە.‏
  3. 1‏:14 مەبەست لە کڕینەوەی مرۆڤە لە کۆیلایەتی گوناه بە خوێنی عیسا.‏
  4. 1‏:15 نۆبەرە: مەبەست لەوەیە کە عیسا بەدینەهێنراوە، بەڵکو سەرۆکی هەموو بەدیهێنراوانە.‏
  5. 1‏:24 مەسیح بەردەوامە لە ئازارکێشان، بە ئامادەبوونی خۆی لەسەر زەوی. بڕوانە کردار 9‏:5‏‏.‏