Add parallel Print Page Options

لە پۆڵسەوە کە نێردراوی عیسای مەسیحە بە فەرمانی خودای ڕزگارکەرمان و عیسای مەسیحی هیوامان،

بۆ تیمۆساوس، کوڕی ڕاستەقینەم لە باوەڕدا:

با نیعمەت[a] و بەزەیی و ئاشتی لە خودای باوک و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە لەگەڵت بێت.

مەترسی فێرکردنی جیاواز

کاتێک بۆ ناوچەی مەکدۆنیا چووم، لێت پاڕامەوە لەوێ لە شاری ‏ئەفەسۆس بمێنیتەوە، تاکو خەڵکێک ڕاسپێری فێرکردنێکی جیاواز[b] نەدەن و گوێ نەدەنە ئەفسانە و ڕەچەڵەکی بێ کۆتایی، چونکە دەمەقاڵەی لێ دەکەوێتەوە، لەبری پلانی خودایی ئەوەی لە باوەڕە. ئامانجی ئەم ڕاسپاردەیە[c]: خۆشەویستییە لە دڵێکی پاک و ویژدانێکی چاک و باوەڕێکی بێ دووڕوویی. هەندێک لەمانە لایانداوە، بەلای قسەی پووچدا ڕۆیشتوون، دەیانەوێ ببنە مامۆستای تەورات، هەرچەندە ئەوەی دەیڵێن و دەیچەسپێنن تێیناگەن.

بەڵام دەزانین تەورات چاکە، ئەگەر یەکێک بە دروستی بەکاریبهێنێت، هەروەها دەزانین تەورات بۆ کەسی ڕاستودروست دانەنراوە، بەڵکو بۆ سەرپێچیکار و یاخیبووان، خوانەناس و گوناهباران، پیس و گڵاوەکان، دایک و باوک کوژان، بکوژان، 10 داوێنپیسان و نێربازان، بازرگانانی کۆیلە، درۆزن و سوێندخۆرانی بە درۆ، هەر شتێکیش لە دژی فێرکردنی دروست بێت، 11 بەگوێرەی پەیامی ئینجیلی شکۆی خودای بەرەکەتدار، ئەوەی بە من سپێردراوە.

سوپاسکردن بۆ بەزەیی خودا

12 سوپاسی عیسای مەسیحی گەورەمان دەکەم، ئەوەی بەهێزی کردم و بە دڵسۆزی داناوم و بۆ خزمەتکردن دەستنیشانی کردم. 13 کە جاران کفرکار و چەوسێنەر و توندڕەو بووم، بەڵام بەزەیی پێم هاتەوە، چونکە بە نەزانی و بێباوەڕی کردوومە. 14 نیعمەتی مەسیحی گەورەمان لەناو مندا سەرڕێژ بوو، لەگەڵ ئەو باوەڕ و خۆشەویستییەی کە بەهۆی یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا بەدەست دێت.

15 ئەم قسەیە ڕاستە و تەواو شایانی قبوڵکردنە: عیسای مەسیح بۆ ڕزگارکردنی گوناهباران هاتە جیهان، هیچ کەسێک بە ئەندازەی من گوناهبار نییە. 16 بەڵام بەزەیی پێمدا هاتەوە، تاکو یەکەم جار لە مندا عیسای مەسیح بەوپەڕی پشوودرێژی دەربکەوێت، وەک نموونەیەک بۆ ئەوانەی باوەڕی پێ دەهێنن بۆ ژیانی هەتاهەتایی. 17 با بۆ هەتاهەتایە ڕێز و شکۆمەندی بۆ پاشای هەتاهەتایی بێت کە نەمر و نەبینراو و تاقە خودایە! ئامین.

18 کوڕم تیمۆساوس، ئەم ڕاسپاردەیەت پێ دەسپێرم، بەگوێرەی ئەو پێشبینییانەی پێشتر دەربارەی تۆ گوتراون، تاکو بەهۆیانەوە جەنگێکی باش بجەنگی، 19 دەست بە باوەڕ و ویژدانێکی چاکەوە بگرە. هەندێک ڕەتیان کردەوە، جا لەلایەنی باوەڕەوە کەشتییان تێکشکا[d]، 20 لەوانە هیمینایۆس و ئەسکەندەر، ئەوانم دایە دەستی شەیتان، بۆ ئەوەی فێربن کە کفر نەکەن.

Footnotes

  1. 1‏:2 خودا نیعمەت بە مرۆڤ دەبەخشێت، بە واتای بەخشینێکی خودایە کە بەبێ ئەوەی شایستەی بین خودا پێمان دەبەخشێت.‏
  2. 1‏:3 فێرکردنێک بە مەبەستی چەواشەکردنی باوەڕداران و بڵاوکردنەوەی بەڕەڵایی.‏
  3. 1‏:5 بڕوانە ئایەتی 3.‏
  4. 1‏:19 مەبەست تێکشکانی باوەڕە لە دڵی باوەڕدار.‏