Add parallel Print Page Options

نوێژکردن بۆ هەموو خەڵک

بۆیە پێش هەموو شتێک تکا دەکەم، نوێژ و نزا و پاڕانەوە و سوپاسگوزاریتان بۆ هەموو خەڵک بێت، بۆ پاشا و دەسەڵاتداران، تاکو ژیانێکی ئاشتییانە و بە هێمنی بژین، بەوپەڕی لەخواترسی و ڕێزەوە. ئەمەش چاک و پەسەندکراوە لەلای خودای ڕزگارکەرمان، ئەوەی دەیەوێت هەموو خەڵکی ڕزگاریان بێت و بۆ ڕاستی ناسین بێن، چونکە خودا یەکە و یەک ئاشتکەرەوە لەنێوان خودا و مرۆڤدایە، ئەویش عیسای مەسیحی مرۆڤە، ئەوەی خوێنی خۆی کردە بەهای ئازادی بۆ هەمووان، شایەتیدانیش[a] لە کاتی گونجاو بوو. بۆ ئەمە من بە مزگێنیدەر و نێردراو دەستنیشان کراوم، ڕاست دەڵێم و درۆ ناکەم، فێرکاری باوەڕ و ڕاستیم بۆ نەتەوەکان.

جا دەمەوێ پیاوان لە هەموو شوێنێکدا نوێژ بکەن، دەستی پاکیان بەرز بکەنەوە بێ تووڕەیی و مشتومڕ.

ژنانیش پۆشاکیان بە شەرمەوە[b] بێت، بەڕێز و شیاوی خۆیان بڕازێننەوە، نەک بە ئەگریجە و بە زێڕ و مرواری و جلی گرانبەها، 10 بەڵکو بە کرداری چاک شیاوی ژنێک بێت کە بانگەشەی لەخواترسی بکات.

11 ژن با لە هێمنیدا و ئەوپەڕی ملکەچی فێر بێت. 12 ڕێگا نادەم ژن فێرکردن بدات و دەسەڵاتی بەسەر پیاودا هەبێت[c]، بەڵکو لە هێمنیدا بێت، 13 چونکە یەکەم جار ئادەم شێوەی کێشرا، ئینجا حەوا. 14 هەروەها ئادەم هەڵنەخەڵەتا، بەڵکو ژن هەڵخەڵەتا و کەوتە گوناهەوە. 15 بەڵام بە منداڵبوون ڕزگاری دەبێت، ئەگەر لە باوەڕ و خۆشەویستی و پیرۆزی و شیاویدا بمێننەوە.

Footnotes

  1. 2‏:6 شایەتیدان کە خودا دەیەوێت هەموو خەڵکی ڕزگاریان بێت.‏
  2. 2‏:9 سەرنجی پیاو ڕانەکێشێت.‏
  3. 2‏:12 مەبەستی ئەوەیە کە فێرکردن و سەرپەرشتیکردنی کڵێسا لە دەسەڵاتی پیاودایە.‏