Add parallel Print Page Options

شێوەی هەڵسوکەوتی باوەڕداران

پیر سەرزەنشت مەکە، بەڵکو وەک باوک هانی بدە، گەنجانیش وەک برا، پیرێژن وەک دایک، کچانیش وەک خوشک بەوپەڕی پاکی.

دەربارەی بێوەژنان

ڕێز لەو بێوەژنانە[a] بگرە کە بەڕاستی بێوەژنن. بەڵام ئەگەر بێوەژنێک منداڵ و وەچەی هەبوو، با فێربن یەکەم جار وەک ئەرکی باوەڕە ڕێز لە خانەوادەیان بگرن و چاکەی دایک و باوکیان بدەنەوە، چونکە ئەمە پەسەندکراوە لای خودا. بێوەژنی ڕاستەقینە بە تەنهایە، هیوای بە خودایە، شەو و ڕۆژ بەردەوامە لە نوێژ و پاڕانەوە. بەڵام ئەوەی بە چێژ دەژیێت، بە زیندوویی مردووە. جا ئەمانەیان ڕاسپێرە تاکو بێ گلەیی بن. بەڵام ئەگەر یەکێک بایەخ بە نزیکەکەی نادات بە تایبەتی ئەندامانی خێزانی، ئەوا نکۆڵی لە باوەڕ کردووە و خراپترە لە بێباوەڕ.

ئەگەر بێوەژن تەمەنی لە شەست ساڵ کەمتر نەبێت و یەک مێردی هەبووبێت لە لیست بنووسرێت، 10 بە چاکەکاری شایەتی بۆ بدرێت، منداڵی بەخێو کردبێت، میوانداری کردبێت، پێی باوەڕدارانی شوشتبێت، یارمەتی لێقەوماوانی دابێت، بە هەموو جۆرە چاکەکارییەک هەستا بێت.

11 بەڵام بێوەژنانی گەنج لەم لیستەیە دامەنێن، چونکە کاتێک زەوقیان هەستێت پشت لە مەسیح دەکەن، حەز لە شووکردنەوە دەکەن. 12 ئینجا تاوانبار دەکرێن، چونکە پەیمانی یەکەمیان شکاندووە[b]. 13 هەروەها فێری بێکاری و ماڵەوماڵکردن دەبن، نەک تەنها بێکاری، بەڵکو غەیبەتکاری و خۆخستنە کاروباری خەڵک، باسی شتێک دەکەن کە پێویست نییە. 14 بۆیە دەمەوێ بێوەژنانی گەنج مێرد بکەنەوە، تاکو منداڵیان ببێت، ماڵ بەڕێوە ببەن، دەرفەتێک نەدەنە دوژمن بۆ بوختانپێکردنمان، 15 چونکە هەندێکیان گومڕا بوونە و بەدوای شەیتان کەوتوون.

16 ئەگەر ژنە باوەڕدارێک بێوەژنێکی لە کەسوکاری هەبوو، با یارمەتی بدات و نەبێتە بار بەسەر کڵێساوە، تاکو کڵێسا یارمەتی ئەوانە بدات کە بەڕاستی بێوەژنن.

پیرانی کۆمەڵە

17 ئەو پیرانەی کە بە باشی کڵێسا بەڕێوەدەبەن، شایانی ڕێزێکی دووقاتن[c]، بە تایبەت ئەوانەی لە وتاردان و فێرکردنی وشەی خودا ماندوو دەبن، 18 چونکە نووسراوە پیرۆزەکە دەفەرموێ: [لە کاتی گێرەکردن دەمی گا مەگرە،][d] هەروەها: [کارگەر شایانی کرێی خۆیەتی.][e] 19 سکاڵا لەسەر هیچ پیرێک قبوڵ مەکە، بە دوو یان سێ شایەت نەبێت. 20 ئەوانەی گوناه دەکەن لەبەردەم هەمووان سەرزەنشتی بکە، بۆ ئەوەی ئەوانی دیکەش بترسن.

21 لەبەردەم خودا و عیسای مەسیح و فریشتە هەڵبژێردراوەکان ڕاتدەسپێرم، ئەم ڕاسپاردانە بە بێ لایەنگری بەجێبگەیەنە، شتێک مەکە بە دەمارگیرییەوە.

22 بە پەلە دەست لەسەر کەس دامەنێ، بەشداری گوناهی خەڵکی دیکە مەکە. خۆت بە پاکی ڕابگرە.

23 ئیتر تەنها ئاو مەخۆرەوە، بەڵکو هەندێک شەراب بەکاربهێنە لەبەر گەدە و نەخۆشییە زۆرەکانت.

24 هەندێک گوناهەکانیان ئاشکرایە، پێشیان دەکەوێت بۆ حوکمدان، بەڵام هەندێک دوایان دەکەوێت. 25 بە هەمان شێوە کرداری چاک ئاشکرایە، تەنانەت ئەوانەی ئاشکراش نین ناتوانرێ بشاردرێتەوە.

Footnotes

  1. 5‏:3 مەبەست لەوانەیە کە مێردیان مردووە.‏
  2. 5‏:12 لەدوای مردنی مێردیان بەڵێن دەدەن کە شوو نەکەنەوە.‏
  3. 5‏:17 مەبەستی ئەوەیە کە یارمەتی دارایی بدرێن.‏
  4. 5‏:18 دواوتار 25‏:4‏‏
  5. 5‏:18 لۆقا 10‏:7‏‏