Add parallel Print Page Options

پەیامی ساموئێل بە هەموو ئیسرائیل گەیشت.[a]

فەلەستییەکان سندوقی خودا دەبەن

ئیسرائیلیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی فەلەستییەکان بۆ شەڕ چوونە دەرەوە و لەلای بەردی یارمەتی ئۆردوگایان دامەزراند، فەلەستییەکانیش لەلای ئەفێق. ئینجا فەلەستییەکان بەرەیان بەست بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئیسرائیل و شەڕ هەڵگیرسا، ئیسرائیل لە ڕووی فەلەستییەکان بەزین و ئەوانیش لە بەرەی جەنگەکەدا، نزیکەی لە چوار هەزار پیاویان دا. ئینجا سەربازەکان گەڕانەوە بۆ ئۆردوگاکە و پیرانی ئیسرائیل پرسییان: «بۆچی یەزدان ئەمڕۆ ئێمەی بەرامبەر بە فەلەستییەکان بەزاند؟ با سندوقی پەیمانی یەزدان لە شیلۆوە بهێنین بۆ ئێرە، با بێتە نێومانەوە و لە دەست دوژمنەکانمان ڕزگارمان بکات.»

جا گەل ناردیان بۆ شیلۆ و لەوێوە سندوقی پەیمانیان هەڵگرت، کە هی یەزدانی سوپاسالارە، ئەوەی لەنێوان کەڕوبەکان[b] لەسەر تەخت دانیشتووە[c]. دوو کوڕەکەی عێلیش، حۆفنی و فینەحاس لەوێ لەگەڵ سندوقی پەیمانی خودا بوون.

ئەوە بوو لە کاتی چوونە ناوەوەی سندوقی پەیمانی یەزدان بۆ ناو ئۆردوگاکە، هەموو ئیسرائیل بە دەنگێکی بەرز هاواریان کرد کە زەوی لەرزاند. فەلەستییەکانیش گوێیان لە دەنگی هاوارەکە بوو و گوتیان: «دەنگی ئەم هاوارە بەرزە چی بوو لەناو ئۆردوگای عیبرانییەکان؟»

جا کە زانییان سندوقی یەزدان هاتووەتە ناو ئۆردوگاکە، فەلەستییەکان ترسان، چونکە گوتیان: «خوداوەندێک هاتووەتە ناو ئۆردوگاکەوە!» هەروەها گوتیان: «قوڕمان بەسەر! چونکە هەرگیز پێشتر شتی وا نەبووە. قوڕمان بەسەر! کێ لە دەست ئەو خوداوەندە توانادارانە فریامان دەکەوێت؟ ئەوانە ئەو خوداوەندانەن کە لە چۆڵەوانیدا گەلی میسریان تووشی هەموو جۆرە دەردێک کرد. فەلەستییەکان بەهێزبن و پیاوبن! ئەگینا دەبنە کۆیلەی عیبرانییەکان، وەک چۆن ئەوان کۆیلەی ئێوە بوون. جا پیاوبن و بجەنگن!»

10 ئیتر فەلەستییەکان جەنگان و ئیسرائیل بەزی و هەریەکە و بەرەو چادرەکەی هەڵات و کوشتارەکە زۆر گەورە بوو، سی هەزار سەربازی پیادە لە ئیسرائیل کوژران. 11 سندوقی خودا دەستی بەسەردا گیرا و هەردوو کوڕەکەی عێلیش، حۆفنی و فینەحاس کوژران.

مردنی عێلی

12 پیاوێکی بنیامینیش لە بەرەی جەنگەوە ڕایکرد و هەر لەو ڕۆژەدا هاتە شیلۆ، جلەکانی دڕابوون و سەری تۆزاوی بوو. 13 هات و بینی وا عێلی لەسەر کورسییەک لە قەراغ ڕێگاکە دانیشتووە و چاوەڕێیەتی، چونکە دڵی بۆ سندوقی خودا لە مەراقدا بوو. کاتێک پیاوەکە هاتە ناو شارۆچکەکە و هەواڵەکەی ڕاگەیاند، هەموو شارۆچکەکە هاواریان لێ بەرزبووەوە.

14 عێلیش گوێی لە دەنگی هاوارەکە بوو و گوتی: «دەنگی ئەو هاتوهاوارە چییە؟»

ئینجا پیاوەکە بە پەلە هات و بە عێلی ڕاگەیاند. 15 عێلیش تەمەنی نەوەد و هەشت ساڵ بوو و چاوەکانی لە دەستدا بوو و توانای بینینی نەبوو. 16 پیاوەکە بە عێلی گوت: «من لە بەرەی جەنگەوە هاتووم و هەر ئەمڕۆ من لە بەرەکە هەڵاتووم.»

عێلیش پرسی: «چی ڕوویدا، کوڕم؟»

17 هەواڵدەرەکەش وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئیسرائیل لەبەردەم فەلەستییەکان هەڵات و هەروەها بەزینێکی گەورە لەناو سوپادا ڕوویدا و هەروەها هەردوو کوڕەکەت، حۆفنی و فینەحاس کوژران، سندوقی خوداش دەستی بەسەردا گیرا.»

18 جا کە باسی سندوقی خودا کرا عێلی لەسەر کورسییەکە بەرەو دواوە کەوت بەلای دەروازەکەدا و ملی شکا و مرد، چونکە پیاوێکی پیر و قورس بوو، چل ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد.

19 بووکەکەی عێلی، ژنەکەی فینەحاس سکی پڕ بوو، لە مانگی خۆی بوو، کاتێک بیستی سندوقی خودا بردراوە و خەزوور و مێردەکەشی مردوون، ژانی گرت و منداڵی بوو. ژانەکەی زۆری بۆ هێنا، 20 لە سەرەمەرگدا ئەو ژنانەی بەسەرییەوە وەستابوون پێیان گوت: «مەترسە، چونکە کوڕێکت بووە.» بەڵام وەڵامی نەدایەوە و گوێی پێنەدا.

21 منداڵەکەشی ناونا ئیخاڤۆد[d] و گوتی: «شکۆمەندی لە ئیسرائیل داماڵرا.» چونکە سندوقی خودا بردرا و لەبەر خەزوور و مێردەکەشی. 22 ئینجا گوتی: «شکۆمەندی لە ئیسرائیل داماڵرا، چونکە سندوقی خودا بردرا.»

Footnotes

  1. 4‏:1 لە ڕووداوەکانی بەشی چوار هێشتا ساموئێل نەبووەتە کاربەدەستێک لەنێو گەلی ئیسرائیل. بڕوانە 7‏:3‏.‏
  2. 4‏:4 لەنێوان کەڕوبەکان: جووتێک پەیکەری بوونەوەری ئاسمانی باڵدارە، لە شێوەی ئاژەڵ و مرۆڤدایە، بۆ پارێزگاریکردن لە سندوقی پەیمان دانرابوو، بڕوانە دەرچوون 25‏:22 و عیبرانییەکان 9‏:5‏‏.‏
  3. 4‏:4 لە سەردەمی پەیمانی کۆن خودا لە شوێنی هەرەپیرۆزی پەرستگا ئامادە دەبوو، بە تایبەت سندوقی پەیمان و نێوان کەڕوبەکان وەک تەختی خودا بوون.‏
  4. 4‏:21 (ئیخاڤۆد) واتە شکۆمەند نییە.‏