Add parallel Print Page Options

لێڤییەکان

23 پاش ئەوەی داود پیر بوو و بە ساڵا چوو، سلێمانی کوڕی کرد بە پاشای ئیسرائیل.

هەموو سەرکردەکانی ئیسرائیل و کاهین و لێڤییەکانی کۆکردەوە و ئەو لێڤییانەشی تەمەنیان سی ساڵ و بەرەو سەرەوە بوو سەرژمێری کران و کۆی ژمارەیان سی و هەشت هەزار پیاو بوو. داود گوتی: «بیست و چوار هەزار لەمانە بۆ سەرپەرشتیکردنی کاری پەرستگای یەزدان و شەش هەزاریان کوێخا و دادوەر و چوار هەزاریان دەرگاوان و چوار هەزاری دیکەشیان بۆ ستایشکردنی یەزدان بەو ئامێرە مۆسیقییانەی کە بۆ ستایشکردن دروستم کردن.»

ئینجا داود لێڤییەکانی کردە چەند بەشێک، بەپێی کوڕەکانی لێڤی: گێرشۆن و قەهات و مەراری.

گێرشۆنییەکان

لە گێرشۆنییەکان:

لەعدان و شیمعی.

کوڕەکانی لەعدان:

یەحیێلی کوڕە گەورەی بنەماڵەکە، ئینجا زێتام و یۆئێل، سێ کوڕ بوون.

کوڕەکانی شیمعی:

شەلۆمۆت، حەزیێل و هاران، سێ کوڕ بوون.

ئەمانە گەورەی بنەماڵەکانی لەعدان بوون.

10 کوڕەکانی شیمعیش:

یەحەت و زیزا و یەعوش و بەریعە.

ئەمانە چوار کوڕەکەی شیمعی بوون.

11 یەحەت کوڕە گەورەی بنەماڵەکە بوو و زیزا دووەم بوو، بەڵام یەعوش و بەریعە کوڕی زۆریان نەبوو، لەبەر ئەوە وەک یەک بنەماڵە هەژمارد کران.

قەهاتییەکان

12 کوڕەکانی قەهات:

عەمرام، یەسهار، حەبرۆن و عوزیێل، چوار کەس بوون.

13 کوڕەکانی عەمرام:

هارون و موسا.

هارون هەڵبژێردرا، خۆی و نەوەکانی بۆ هەتاهەتایە، بۆ تەرخانکردنی شتی هەرەپیرۆز، بۆ کردنی قوربان لەبەردەم یەزدان و بۆ داوای بەرەکەت کردن بە ناوی ئەوەوە بۆ هەتاهەتایە. 14 هەروەها کوڕەکانی موسای پیاوی خودا وەک بەشێک لە هۆزی لێڤی دانران.

15 کوڕەکانی موسا

گێرشۆم و ئەلیعەزەر بوون.

16 نەوەکانی گێرشۆم:

شوڤائێل کوڕە گەورەی بنەماڵەکە بوو.

17 نەوەی ئەلیعەزەریش:

ئەلیعەزەر تەنها یەک کوڕی هەبوو ناوی ڕەحەڤیا بوو،

بەڵام ڕەحەڤیا کوڕی زۆر بوو.

18 کوڕەکانی یەسهار:

شەلۆمیت کوڕە گەورەی بنەماڵەکە بوو.

19 کوڕەکانی حەبرۆن:

یەرییاهو کوڕە گەورەی بنەماڵەکە بوو، ئەمەریا دووەم و یەحەزیێل سێیەم و یەقەمەعام چوارەمیان بوو.

20 کوڕەکانی عوزیێل:

میخا کوڕە گەورەی بنەماڵەکە بوو و ییشیا دووەمیان بوو.

مەرارییەکان

21 کوڕەکانی مەراری:

مەحلی و موشی.

کوڕەکانی مەحلی:

ئەلعازار و قیش.

22 ئەلعازار مرد و کوڕی نەبوو، تەنها کچی هەبوو، جا کوڕەکانی قیشی برای هێنایانن.

23 کوڕەکانی موشی:

مەحلی، عێدەر و یەریمۆت، سێ کوڕ بوون.

24 ئەمانە نەوەی لێڤی بوون بەگوێرەی بنەماڵەکانیان. گەورەی بنەماڵەکان کە بەپێی ناوەکانیان تۆمار کران و یەک بە یەک سەرژمێر کران، لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە کە لە پەرستگای یەزدان خزمەتیان دەکرد، 25 چونکە داود گوتبووی: «لەبەر ئەوەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل گەلەکەی حەساندووەتەوە و بۆ هەتاهەتایە یەزدان لە ئۆرشەلیم نیشتەجێ بووە، 26 ئیتر پێویست ناکات لێڤییەکان چادرەکەی پەرستن یان هیچ یەکێک لەو قاپوقاچاغانەی کە لە خزمەتی چادرەکەی پەرستن بەکاردەهێنرێت هەڵبگرن و بگوازنەوە.» 27 بەپێی دوایین فەرمانی داود، لێڤییەکان لە گەنجی بیست ساڵ بەرەو سەرەوە سەرژمێری کران.

28 لێڤییەکان بەردەستی نەوەی هارونیان دەکرد لە خزمەتکردنی پەرستگای یەزدان: بەرپرس بوون بۆ حەوشە و ژوورە لاتەنیشتەکان، بۆ پاککردنەوەی شتە پیرۆزەکان، بۆ خزمەتکردنی دیکەش لە ماڵی خودا؛ 29 بەرپرسیاریێتیشیان هەبوو بۆ نانی تەرخانکراو و باشترین ئارد بۆ پێشکەشکراوی دانەوێڵە و ناسکە نانی[a] فەتیرەی و خۆراکی سەر ساج و تێکەڵکردنی هەرچی کە تێکەڵ دەکرێت و بۆ هەموو ئەندازە و پێوانەکردنێک؛ 30 هەروەها بۆ ڕاوەستان هەموو بەیانییەک بۆ سوپاسکردن و ستایشکردنی یەزدان ئێوارانیش بە هەمان شێوە؛ 31 هەروەها بۆ هەموو سەرخستنێکی قوربانی سووتاندن لە شەممە و سەرەمانگ و جەژنەکان. پێویست بوو لێڤییەکان بەو ژمارەیە و بەو چەشنەی کە ڕێسایە لەسەریان، بە بەردەوامی لەبەردەم یەزدان خزمەت بکەن.

32 ئیتر لێڤییەکان لە چادری چاوپێکەوتن و شوێنی پیرۆز پارێزگاریان دەکرد، هەروەها بەردەستی نەوەی هارونیان دەکرد لە خزمەتکردنی پەرستگای یەزدان.

Footnotes

  1. 23‏:29 ناسکە نان: ناوەشکێنە.‏