Add parallel Print Page Options

دووبەرەکی لە کڵێسا

خوشکان، برایان، کاتێک من قسەم لەگەڵ کردن، نەمتوانی ئێوە وەک ئەوانە دابنێم کە بە ڕێنمایی ڕۆحی پیرۆز دەژین، بەڵکو وەک ئەوانەی کە هێشتا دنیایین[a]، هەروەک منداڵی ساوا بن لە ‏خانەوادەی مەسیحدا. شیرم پێداون نەک خواردن، چونکە هێشتا تواناتان نەبوو، ئێستاش تواناتان نییە. ئێوە هێشتا دنیایین. کە ئیرەیی و ناکۆکی لەنێوانتاندا هەبێت، ئایا دنیایی نین و تەنها وەک مرۆڤ ناژین؟ چونکە کاتێک یەکێک دەڵێت: «من هی پۆڵسم»، ئەوی دیکە: «من هی ئەپۆلۆسم»، ئایا وەک خەڵکی دیکە نین؟

ئەپۆلۆس چییە؟ پۆڵس چییە؟ تەنها خزمەتکارن کە لە ڕێگەی ئەوانەوە باوەڕتان هێناوە، هەروەک چۆن مەسیحی خاوەن شکۆ بە هەر یەکێکی داوە. من چاندم و ئەپۆلۆس ئاوی دا، بەڵام خودا بوو گەشەی پێکرد. ئیتر نە تۆوچێن گرنگە و نە ئاودێر، بەڵکو تەنها خودا گرنگە کە گەشەی پێ دەکات. تۆوچێن و ئاودێر یەکن، هەریەکە بەگوێرەی ماندووبوونی خۆی کرێی خۆی وەردەگرێت. جا ئێمە هاوکاری خوداین، ئێوەش کێڵگەی خودا و خانووی خودان.

10 بەگوێرەی ئەو نیعمەتەی خودا پێیداوم، وەک ئەندازیارێکی دانا بناغەم داڕشت و یەکێکی دیکە لەسەری بنیاد دەنێت. بەڵام با هەریەکە ئاگاداربێت چۆن لەسەری بنیاد دەنێت. 11 کەس ناتوانێت بناغەیەکی دیکە دابنێت لە پاڵ ئەوەی دانراوە، کە عیسای مەسیحە. 12 بەڵام ئەگەر یەکێک لەسەر ئەو بناغەیە زێڕ، زیو، بەردی گرانبەها، دار، پووش یان کا، بنیاد بنێت، 13 کاری هەر یەکێک دەردەکەوێت، چونکە ڕۆژی لێپرسینەوە ئاشکرای دەکات، لەبەر ئەوەی بە ئاگر ئاشکرا دەکرێت و ئاگر چۆنیەتی کاری هەرکەسێک دەردەخات. 14 ئەگەر کاری یەکێک بمێنێتەوە کە لەسەری بنیادی ناوە، ئەوا پاداشت وەردەگرێت. 15 ئەگەر کاری یەکێک سووتا ئەوا زیانی پێ دەگات، خۆی ڕزگاری دەبێت، بەڵام وەک یەکێک لەناو ئاگر هەڵات.

16 ئایا نازانن ئێوە پەرستگای خودان و ڕۆحی خوداتان تێدا نیشتەجێیە؟ 17 ئەگەر یەکێک پەرستگای خودا وێران بکات، خودا وێرانی دەکات، چونکە پەرستگای خودا پیرۆزە، ئێوە ئەو پەرستگایەن.

18 با کەس خۆی هەڵنەخەڵەتێنێت. ئەگەر یەکێک لەنێوتان خۆی بە دانای ئەم دنیایە دەزانێت، با ببێتە گێل تاکو بەڕاستی ببێتە دانا. 19 دانایی ئەم جیهانە لەلای خودا گێلایەتییە، لەبەر ئەوەی نووسراوە: [ئەوەی داناکان بە فێڵبازی خۆیانەوە دەگرێت.][b] 20 هەروەها: [یەزدان بیرکردنەوەی داناکان دەزانێت کە پووچە.][c] 21 کەواتە، با کەس شانازی بە مرۆڤ نەکات! چونکە هەموو شتێک هی ئێوەیە، 22 پۆڵس یان ئەپۆلۆس یاخود پەترۆس[d]، جیهان یان ژیان یانیش مردن، شتەکانی ئێستا یاخود داهاتوو، هەموو شتێک هی ئێوەیە، 23 ئێوەش هی مەسیحن، مەسیحیش هی خودایە.

Footnotes

  1. 3‏:1 مرۆڤێک بەگوێرەی ئارەزووەکانی جەستە بژیێت.‏
  2. 3‏:19 ئەیوب 5‏:13.‏‏
  3. 3‏:20 زەبوورەکان 94‏:11.‏‏
  4. 3‏:22 یۆنانی: کێفاس‏.‏