Add parallel Print Page Options

نێردراوانی مەسیح

بەم شێوەیە با خەڵک بە خزمەتکاری مەسیح و سەرکاری نهێنییەکانی خودامان دابنێن. جا ئەوەی لە سەرکاران داوا دەکرێت ئەوەیە کە متمانەیی بسەلمێنن. بەلامەوە گرنگ نییە ئەگەر ئێوە یان هەر دادگایەکی مرۆڤانە حوکمم بدات، بەڵام من حوکم بەسەر خۆمدا نادەم. هیچ کەموکوڕییەک لە خۆمدا نابینم، بەڵام بەمە بێتاوان نەبووم، بەڵکو مەسیحی خاوەن شکۆیە لێپێچینەوەم لەگەڵ دەکات. کەواتە پێشوەخت حوکم بەسەر هیچ شتێکدا مەدەن، هەتا مەسیحی خاوەن شکۆ دێتەوە. ئەو لە داهاتوودا ڕووناکی دەخاتە سەر ئەو شتانەی کە ئێستا لە تاریکیدا شاردراوەتەوە و نیازی دڵ دەردەخات. ئەوسا هەر یەکێک لەلایەن خوداوە ستایش دەکرێت.

خوشکان، برایان، ئێستا لە پێناوی ئێوەدا خۆم و ئەپۆلۆسم لەم شتانەدا کردە نموونە، تاکو لە ئێمەوە فێربن: «زێدەڕۆیی مەکەن لەوانەی نووسراون.» ئینجا کەس خۆی بە یەکێک هەڵنەکێشێت لەسەر ئەوی دیکە. کێ تۆ جیا دەکاتەوە؟ چیت هەیە وەرتنەگرتبێت؟ ئەگەر وەرتگرتووە، بۆ شانازی دەکەیت وەک وەرتنەگرتبێت؟

وا تێربوون! وا دەوڵەمەند بوون! بەبێ ئێمە بوونە پاشا![a] خۆزگە ئێوە بەڕاستی پاشا بوونایە ئەوسا لەگەڵتان بەشداری حوکمڕانیمان دەکرد! چونکە وا بزانم خودا ئێمەی نێردراوی لە دواوەی کەژاوە[b] دەرخست، وەک ئەوەی حوکمی مردنمان بۆ درابێت، چونکە بووینە نماییشی جیهان و فریشتە و خەڵک. 10 لە پێناوی مەسیحدا ئێمە بە گێل سەیر دەکرێین، بەڵام ئێوە بەهۆی مەسیحەوە بە ژیر سەیر دەکرێن! ئێمە لاوازین و ئێوە بەهێزن! ئێوە شکۆدارن و ئێمە سووکین! 11 هەتا ئێستا برسی و تینوو و ڕووتین، لێدان و بێ لانەیی دەچێژین. 12 بە دەستی خۆمان ئیش دەکەین و ماندوو دەبین. جنێومان پێدەدرێت و داوای بەرەکەت دەکەین، دەچەوسێنرێنەوە و بەرگە دەگرین. 13 بوختانمان بۆ هەڵدەبەستن و نەرمی دەنوێنین. هەتا ئێستا وەک زبڵی جیهان و پاشماوەی هەموو شتێکمان لێ هاتووە.

14 ئەمانە نانووسم تاکو شەرمەزارتان بکەم، بەڵکو وەک ڕۆڵە خۆشەویستەکانم ئاگادارتان دەکەمەوە. 15 تەنانەت ئەگەر دە هەزار کەس لەنێو باوەڕداران سەرپەرشتیارتان بن، بەڵام چەندین باوکتان نییە، چونکە لە ڕێگەی پەیامی ئینجیلەوە بووم بە باوکتان، لە ئەنجامدانی ئەو کارەی کە عیسای مەسیح کردی. 16 جا تکاتان لێ دەکەم، لاسایی من بکەنەوە. 17 لەبەر ئەم هۆیە تیمۆساوسم نارد بۆ لاتان، کە کوڕی خۆشەویستمە لە باوەڕ و دڵسۆزە بۆ یەزدان. تیمۆساوس ئەو ڕێگایەی کە من پەیڕەوی دەکەم بەهۆی عیسای مەسیحەوە، بەبیری ئێوە دەهێنێتەوە وەک ئەوەی کە من لە هەر شوێنێک و لە هەر کڵێسایەک خەڵکی فێردەکەم.

18 هەندێک کەس لووتبەرز بوون، بە گومانی ئەوەی من نایەم بۆ لاتان 19 بەڵام ئەگەر عیسای خاوەن شکۆ خواستی لەسەر بێت بە پەلە دێمە لاتان، ئەوسا نەک قسەکانی ئەو لووتبەرزانە دەزانم بەڵکو تواناشیان، 20 چونکە پاشایەتی خودا بە قسە نییە، بەڵکو بە هێزە. 21 چیتان دەوێ؟ بە دار بێمە لاتان یاخود بە خۆشەویستی و ڕۆحی دڵنەرمی؟

Footnotes

  1. 4‏:8 لێرەدا نووسەر بە گاڵتەکردنەوە قسە دەکات.‏
  2. 4‏:9 کەژاوەی گەڕانەوەی لەشکری سەرکەوتوو و دیلەکانیش لە دواوەن.‏