Add parallel Print Page Options

سنووری سەربەستی

ئایا سەربەست نیم؟ ئایا نێردراو نیم؟ ئایا عیسای گەورەمانم نەبینیوە؟ ئایا ئێوە بەهۆی یەزدانەوە ئەنجامی کاری من نین؟ ئەگەر هاتوو بۆ خەڵکی دیکە نێردراو نەبم، ئەوا بۆ ئێوە نێردراوم، چونکە یەکبوونتان لەگەڵ مەسیح بەڵگەیە کە من نێردراوم.

بۆ ئەوانەی دادوەریم دەکەن ئەمەیە بەرگریم: ئایا مافی خواردن و خواردنەوەمان نییە؟ ئایا مافمان نییە خانمێکی باوەڕدار بکەینە هاوسەر و هاوڕێمان لە گەشتەکانماندا، وەک نێردراوانی دیکە و براکانی مەسیح و پەترۆس[a]؟ یاخود تەنها من و بەرناباس ئەو مافەمان نییە، دەبێت هەر ئیش بکەین؟

کێ هەبووە بە خەرجی خۆی سەربازی کردبێت؟ کێ ڕەزێک دەچێنێت و لە بەروبوومەکەی ناخوات؟ یان کێ شوانایەتی مێگەلێک دەکات و لە شیرەکەی ناخوات؟ ئەم قسانە وەک مرۆڤ دەکەم؟ ئایا تەوراتیش ئەمانە ناڵێت؟ چونکە لە تەوراتی موسا نووسراوە: [لە کاتی گێرەکردن دەمی گا مەگرە.][b] ئایا خودا بایەخ بە گا دەدات؟ 10 بێگومان لە پێناو ئێمە وای فەرمووە، مەگەر نە؟ بەڵێ، لە پێناوی ئێمەدا نووسراوە، چونکە ئەوەی دەکێڵێت پێویستە بە هیواوە بکێڵێت، ئەوەی گێرە دەکات بەو هیوایە دەیکات کە بەشی لە بەرهەمەکەدا هەبێت. 11 ئەگەر ئێمە شتی ڕۆحیمان بۆتان چاندووە، ئایا زۆرە ئەگەر شتی ماددی لە ئێوە بدروینەوە؟ 12 ئەگەر خەڵکی دیکە مافی پشتگیرییان[c] لەسەرتانە، ئایا ئێمە لەپێشتر نین؟

بەڵام ئەم مافەمان بەکارنەهێنا، بەڵکو بەرگەی هەموو شتێک دەگرین، نەوەک کۆسپ دابنێین بۆ مزگێنی مەسیح. 13 ئایا نازانن ئەوانەی خزمەتی پەرستگا دەکەن لە شتەکانی پەرستگا دەخۆن، ئەوانەی خزمەتی قوربانگاش دەکەن لە قوربانگادا بەشدارن؟ 14 بە هەمان شێوە مەسیحی خاوەن شکۆ فەرمانی داوە، ئەوانەی کە مزگێنی ڕادەگەیەنن گوزەرانیان لەسەر مزگێنییە.

15 بەڵام شتێکم لەمە بەکارنەهێناوە. منیش ئەوانە نانووسم، تاکو بۆ من ئاوا بێت، چونکە مردنم باشترە لەوەی یەکێک شانازیم پووچەڵ بکاتەوە. 16 ئەگەر مزگێنی بدەم شانازیم نییە، لەبەر ئەوەی پێویستە و خراوەتە ئەستۆم. قوڕبەسەرم ئەگەر مزگێنی نەدەم! 17 چونکە ئەگەر خۆبەخش ئەوە بکەم، ئەوا پاداشت دەکرێم. بەڵام ئەگەر بە ناچاری بێت، ئەوا متمانەی بریکاریەتیم دراوەتێ. 18 ئیتر پاداشتم چییە؟ ئەوەیە کاتێک مزگێنی دەدەم، بەخۆڕایی مزگێنی بدەم و داوای مافی تەواوی خۆم وەکو مزگێنیدەر نەکەم.

19 هەرچەندە سەبارەت بە هەمووان سەربەستم، بەڵام خۆم کردە کۆیلەی هەمووان تاکو زیاتریان لێ بەدەستبهێنم. 20 بۆ جولەکە خۆم وەک جولەکە لێکرد، تاکو جولەکە ببەمەوە. بۆ ئەوانەی لەژێر شەریعەتن[d] وەک لەژێر شەریعەت، کە خۆم لەژێر شەریعەت نیم، تاکو ئەوانەی لەژێر شەریعەتن بیانبەمەوە. 21 بۆ ئەوانەی بێ شەریعەتن، وەک بێ شەریعەت بم، هەرچەندە بێ شەریعەتی خودا نیم، بەڵکو لەژێر شەریعەتی مەسیحدام، تاکو ئەوانەی بێ شەریعەتن بیانبەمەوە. 22 بۆ لاوازان بوومە لاواز، تاکو لاوازەکان ببەمەوە. بۆ هەمووان بوومە هەموو شتێک، تاکو بە هەر شێوەیەک هەندێک ڕزگار بکەم. 23 هەموو ئەمانە لە پێناوی پەیامی ئینجیلدا دەکەم، تاکو تێیدا بەشدار[e] بم.

24 ئایا نازانن هەموو ئەوانەی لە گۆڕەپان ڕادەکەن، هەموو ڕادەکەن، بەڵام تەنها یەکێک خەڵات دەکرێت؟ کەواتە ڕابکەن تاوەکو خەڵاتەکە بەدەستبهێنن. 25 هەر یەکێک ململانێ بکات لە هەموو شتێک خۆ ڕادەگرێت. ئەوانە تاکو تاجێکی لەناوچوو بەدەستبهێنن، بەڵام هی ئێمە لەناو نەچووە. 26 کەواتە ڕادەکەم نەک وەکو یەکێک ئامانجی نەبێت، بۆکسێن دەکەم نەک وەک لە هەوا بدەم. 27 بەڵکو لەگەڵ لەشم توند دەبم و دەیکەمە کۆیلە، نەوەک لەدوای ئەوەی بۆ خەڵکی دیکە جاڕم داوە، خۆم ڕەت بکرێمەوە.

Footnotes

  1. 9‏:5 یۆنانی: کێفاس‏.‏
  2. 9‏:9 دواوتار 25‏:4‏.‏
  3. 9‏:12 مەبەستی پشتگیری ماددییە.‏
  4. 9‏:20 شەریعەتی موسا.‏
  5. 9‏:23 بەشداری لە بەرەکەتی ئینجیلی مەسیح.‏